له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ به‌ لێشاو خه‌ڵك بۆ گه‌شتكردن روو له‌ ئێران ده‌كه‌ن

iran tourism kurdish iraqian iranian people
له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی تمه‌نی ئێرانی، هاووڵاتییانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌لێشاو روو له‌ كڕینی دراوی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌ گه‌شت بچنه‌ ئێران، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ له‌ بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری ئه‌و وڵاته‌ و كه‌رتی گه‌شتوگوزاری كوردستانیش پلانی تۆكمه‌ی نییه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ چوونی گه‌شتیارانی كوردستان بۆ ئێران و گلدانه‌وه‌ی پاره‌كه‌ له‌ كه‌رتی ناوخۆی گه‌شتیاری.
سواره‌ محه‌مه‌د نوێنه‌ری ئاڵۆگۆڕكردنی دراوه‌ بیانییه‌كان له‌ شارۆكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ “وشه‌” باس له‌وه‌ ده‌كات، هاووڵاتییان به‌مه‌به‌ستی گه‌شتكردن بۆ ئێران و بازرگانی هه‌وڵی كڕینی تمه‌ن ده‌ده‌ن.

ئه‌و گوتی به‌شی زۆری ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی دێن بۆ كڕینی تمه‌ن، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گه‌شتی ئێرانی پێ بكه‌ن. هاوكات كه‌سانێكیش هه‌ن تمه‌ن ده‌كڕن و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن له‌كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌یدا جارێكی تر بیگۆڕنه‌وه‌ به‌ دینار یان دۆلار.

به‌ گوته‌ی ئه‌و كاسبكاره‌ چه‌ند رۆژێكه‌ 100 هه‌زار تمه‌ن به‌ 13 هه‌زار و 500 دیناری عێراقییه‌، له‌كاتێكدا به‌ر له‌ چه‌ند مانگێك 100 هه‌زار تمه‌ن نزیكه‌ی 34 هه‌زار دینار بوو.

كۆچه‌ر ئیبراهیم یه‌كێكی تر له‌ كاسبكارانی ئاڵۆگۆڕی دراو، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو هه‌ندێك كه‌س به‌شه‌وانیش ته‌له‌فۆن ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن زوو دراویان بۆ بگۆڕینه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت گه‌شتی ئێران بكه‌ن.

زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ ته‌مان گه‌شتی ئێران بكه‌ن، له‌ توێژی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانن، چونكه‌ مووچه‌كه‌یان به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو زیادی كردووه‌.

به‌پێی لێدوانی شێرزاد حه‌مه‌ساڵح نوێنه‌ری كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی كه‌لار كه‌ گه‌شتیار بۆ ئێران ده‌گوازێته‌وه‌، رێژه‌ی چوونی گه‌شتیاران له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ئێران زیادی كردووه‌. ئه‌و ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر رۆژانه‌ دوو كه‌س چووبنه‌ ئێران، ئێسته‌ بۆ 30 كه‌س زیادی كردووه‌.

پێشتر سه‌ردانی خه‌ڵك له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ئێران زیاتر بۆ چاره‌سه‌ری و سه‌ردانی تایبه‌ت بوو، به‌ڵام ئێسته‌ بۆ گه‌ڕان و بینینی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ئێرانه‌. به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی نوێنه‌ری كۆمپانیاكه‌ خستیه‌ڕوو، له‌م دوو مانگه‌دا زیاتر له‌ دوو هه‌زار خێزان و له‌وانه‌یه‌ 100 هه‌زار گه‌نج چووبنه‌ ئێران.

نادر رۆستی گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان بۆ “وشه‌” ئاماژه‌ی دا، وه‌ك گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ناتوانن رێ له‌ گه‌شتكردنی خه‌ڵك بگرن، به‌ڵام ده‌كرێ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی خۆمان زیاتر بناسرێن و كۆمپانیاكان هان بدرێن گه‌شتوگوزاری ناوخۆیی رێك بخه‌ن. ئه‌و پێی وایه‌ له‌و بواره‌دا هه‌نگاوی باشیان ناوه‌، بۆیه‌ ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ جه‌ژنه‌كان زیادی كردووه‌.

رۆستی گوتی “به‌لێشاو گه‌شتكردنی گه‌شتیارانی كوردستان پێوه‌ندی به‌دابه‌زینی نرخی تمه‌نی ئێرانییه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ئه‌وان له‌ هی كوردستان دڵگیرتر بن. مافی هه‌موو هاووڵاتییه‌كیشه‌ سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی وڵاتانی تر بكات بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌زا بێت له‌ كولتووری گه‌شتیاری و نرخی شوێنی گه‌شتیاری.

له‌باره‌ی سه‌پاندنی باج هاوشێوه‌ی ئێران كه‌ رێگری كردووه‌ له‌ هاتنی گه‌شتیارانی ئێرانی بۆ هه‌رێمی كوردستان، رۆستی باسی له‌وه‌ كرد ئه‌مه‌ پێوه‌ندی به‌ سه‌رووی خۆیانه‌وه‌یه‌.

به‌پێی به‌دواداچوونی “وشه‌” مامه‌ڵه‌ی ئێران وه‌ك بۆ راكێشانی سه‌رنجی گه‌شتیاران مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروسته‌. ئه‌حمه‌د سه‌یفوڵا گه‌شتیارێكی گه‌رمیانه‌ و چه‌ند گه‌شتێكی ئێرانی كردووه‌، ئه‌و باسی له‌ گه‌شته‌كه‌ی كرد و گوتی ئێران ئاسته‌نگ بۆ گه‌شتیاران دروست ناكات و كارئاسانییان بۆ ده‌كات.

به‌ڵام كاروان حه‌سه‌ن وه‌ك گه‌شتیارێكی تری رۆیشتوو بۆ ئێران بۆ “وشه‌” گوتی، كه‌سانی بێ پاره‌ و تلیاككێشی ئێرانی په‌لاماری چه‌ند گه‌شتیارێكیان داوه‌ و هه‌وڵی دزینی پاره‌یان داوه‌ و بۆشیان چووه‌ته‌ سه‌ر، بۆیه‌ ئێسته‌ گه‌شتیارانی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ گرووپ گه‌شت بكه‌ن و به‌ ته‌نیا خۆیان له‌م رێیه‌ نه‌ده‌ن.

له‌باره‌ی بردنی تمه‌نی ئێران بۆ ئه‌و وڵاته‌ و مانه‌وه‌ی گه‌شتیارانی كوردستان له‌ ئێران، شاره‌زایه‌كی ئابووری روونی كرده‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆماری ئیسلامیی ئێراندایه‌.

عه‌لی حه‌سه‌ن شاره‌زای ئابووری له‌ گه‌رمیان بۆ “وشه‌” پێداگری كرد، بردنی تمه‌نی ئێرانی له‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ ئێران ده‌بێته‌ هۆكاری ده‌ستاوده‌ستكردنی دراوی ئه‌و وڵاته‌ له‌ وڵاته‌كه‌ خۆی، ئه‌وه‌ش بۆ ئێران گرنگه‌.

ئه‌و گوتی زانیاری ورد هه‌یه‌ له‌ ئێران نرخی شمه‌ك گران كراوه‌ و گه‌شتیارانیش كه‌ ده‌چن شتومه‌كی ئێرانی ده‌كڕن و ده‌بنه‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی ئێران.

Leave a Comment

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top
ابدأ الدردشة
چطور می تونیم کمکتون کنیم؟
شرکت بین المللی طب مد توریسم
سلام.
مشاورین ما آماده پاسخگویی به سوالات شما هستند.
هر سوالی دارید بفرمایید.